ئەمەریکا ژمارەی کارمەندەکانی لە باڵوێزخانەکانی لە عێراق و بەحرەین و قەتەر کەمدەکاتەوە

‌باڵوێزخانەی ئەمەریکا.. ئەرشیف
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئامادەکاری بۆ چۆڵکردن دەکات، دەشڵێت"هۆکاری چۆڵکردنەکە بۆ خۆپارێزی ئەمنی دەگەڕێتەوە"، لەلایەکی ترەوە ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژە بەوە دەکات ئەو کەمکردەوەیە جگە لە عێراق باڵوێزەکانی قەتەرو بەحرەینیشی گرتۆتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە عێراقی و ئەمەریکییەکان، بڵاوی کردەوە، بەهۆی زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئامادەکاری بۆ کەمکردنەوەی کارمەندە ناپێویستەکان و بنەماڵەکانیان.

هەروەها ئەو ئاژانسە ئەوەش باس دەکات کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کشانەوەیەکی رێکخراو بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رێکدەخات و سوپای ئەمریکا لەسەر هێڵە، ئەگەر هاوکاری پێویست بێت".

ئەم جموجوڵە نوێیەی ئەمەریکا لە بارەی سووکردنی ژمارەی کارمەندەکانی لە باڵوێزخانەکەی لە بەغدا و بەحرەین و قەتەر، پەیوەندی بە پەرەسەندنەکانی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمەریکاوە هەیە کە گەیشتۆتە ئاستێک کە هەردوولا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە " زەحمەتە رێکبکەون".

هەر ئەمرۆش بەرپرسانی ئێرانی هەرەشەکانیان لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەو لە ئیسرائیل نەشاردەوەو جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە ئەگەر رووبەڕووی هێرشببنەوە، ئەوا هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.




PM:09:42:11/06/2025