بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان سەرجەم تاقیکردنەوەکانیان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست، لە کاتێکدا لە عێراق سەرجەم تاقیکردنەوەکان ئەمڕۆ بەڕێوەچوون.
ئەمڕۆ شەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ پێچەوانەی هەرێم، تاقیکردنەوەکان لە عێراق دوانەخراون و سودانی لە کاتی ناوەندێکی تاقیکردنەوەکانی کەرخی بەغدا سەردانی قوتابیانی کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەموو تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان بە قوتابخانە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان و تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانییەوە، هەروەها تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانیش هەمووی دوادەخرێت بۆ هەفتەی داهاتوو.
وەزارەتی پەروەردە دەشڵێ، لەبەربەرژەوەندیی گشتی بڕیارەکەیانداوە.
هەروەها، خوێندنی باڵاش لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ، بەهۆی ناجێگیریی بارودۆخی ئاسایشی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە دواخستنی پرۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم لە سەرجەم زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندنی سەربە وەزارەتەکەیان و دامودەزگەکانی دیكە بۆ ماوەی هەفتەیەک.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم کۆرسەکانی زمانی ئینگلیزی، پێداگۆجی و خول و راهێنانەکانی تایبەت بە وەزارەتەکەیان، بۆ یەک هەفتە بە ئۆنڵاین بەڕێوەدەچێت.