حکومەتی عێراق ئەمشەو شەممە لە پەیامێکی فەرمیدا هەڕەشەی بەرپەرچدانەوەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئاسمانی وڵاتەکەی کرد لە کاتی بۆردومانی ئێراندا، هاوکات داوای کرد ئەمریکا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کەمێک پێش ئێستا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" حکومەتی عێراق ڕەتکردنەوەی تەواوەتی خۆی لە پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی لە هێرشە سەربازییەکانی قەوارەی زایۆنیستی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، یان دژی هەریەکێک لە دراوسێ ناوچەییەکانی خۆی، دووپات دەکاتەوە، ئەمە نوێنەرایەتییەکی بنەڕەتی و دەستووری دەکات، پابەندبوونی عێراق بە سیاسەتی دراوسێیەتییەکی باش و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی زەوی و ئاو و ئاسمانی وڵاتەکەی وەک شوێنی هەڵدانی هەر هێرشێک کە وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئامانج کە ئێمە باشترین پەیوەندیمان لەگەڵدا هەیە لە هەموو ئاستەکاندا".
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکات لەسەر هەموو ئەو کارە نایاساییانە کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراق و بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و کاردانەوەی نەرێنییان لەسەر سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا هەیە.
دەشڵێت" حکومەتی ئێراق هەروەها داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات کە بەپێی ڕێککەوتنەکان بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، بۆ ڕێگریکردن لە فڕۆکەکانی قەوارەی زایۆنیستی کە چەندین جار ئاسمانی عێراق پێشێل دەکەن و هێرش ئەنجام دەدەن".
ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی عێراق مافی خۆیەتی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تواناکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلکارییەکی سەروەری نیشتمانی لەلایەن هەر لایەنێکەوە.