رۆژنامەی "الشرق الاوسگ" بڵاویکردوەتەوە کە حکومەتی عێراق، گروپە چەکدارەکانی ئاگادار کردۆتەوە خۆیان بەدوور بگرن لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، بۆ دورخستنەوەی مەترسییەكان لەسەر عێراق.
رۆژنامەکە لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارێکی توند لەلایەن حکومەت و هاوپەیمانەکانییەوە دراوە، بۆ خۆبە دورگرتن لە لێكەوتەكانی شەڕ.
ئاشكراشی كردووە، پەیوەندی چڕو پڕ لەنێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەی حزب و گروپە شیعەکان لە ئارادایە لەسەر بنەمایەكی بنەڕەتی كە ئێمە پەیوەندارنین و بەشداری لە شەڕەکەدا ناكەین.
لای خۆیەوە، وتەبێژی گروپی کەتائیبی "سەید شوهەدا" رایگەیاندووە" ئەو توانایانەی لەبەردەستی گروپەكاندایە هاوسەنگی ناگۆڕێت، لە سایەی شەڕێک کە تێیدا موشەک و تەکنەلۆژیای کوشندە بەکاردەهێنرێت".
هاوكات، بەرپرسێکی باڵا باسی لەوەكردووە" بەغداد داوای لە تاران کردووە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق نەکاتە ئامانج، ئەوەش لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنی سەربازیی نێوان ئێران و ئیسرائیل".
ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری ئەو بەرپرسەوە بڵاویکردەوە" ئێرانییەکان بەڵێنی ئەرێنیان داوە لەوبارەیەوە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیل لێدرا و دەیان مووشەکی بالیستی ئێران گەیشتە ئاسمانی تەلئەبیب و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، چاودێری هەڵدانی دەیان مووشەکی بالیستی ئێرانیان کردووە و سیستەمی بەرگری بەرپەرچیان دەداتەوە.
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێیناوەتە سێیەم ڕۆژە، هاوکات ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی بەناوی "هەستانەوەی شێر" و ئێرانیش ئۆپەراسیۆنەکانی بە ناوی "بەڵێنی ڕاستگۆی ٣"دەستی پێ کردووە.