سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆك کۆماری ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دا و جەختی کردەوە لە پاڵپشتیکردنی ئێران، سەرۆك کۆماری ئێرانیش ڕایگەیاند" دەبێت وڵاتانی ئیسلامی، هەڵوێستێكی یەكگرتویان هەبێت لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل".
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆك کۆماری ئێران ئەنجام دا و هاوسۆزی عێراقی بۆ ئێران دوپات کردەوە و جەختیشی کردەوە لە پابەندبونی وڵاتەکەی بە ئاسایش و سەقامگیریی.
لە پەیوەندییەکەدا، سودانی ئاماژەی بەوە کردوە" دەیانەوێت ڕێگری لە هەڵکشان و پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان بکەن و هەمو هەوڵێكیشیان خستوەتەگەڕ بۆ پێشێل نەکردن و بەکارنەهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە".
سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئامادەیی حکومەتیشی دەڕبڕی بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییە پێویستەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل.
هاوکات، مەسعود پزیشکیان، سەرۆك کۆماری ئێران، سوپاسی هەڵوێستی عێراقی دراوسێی کرد و جەختی کردەوە لە گرنگیی هەڵوێستێكی یەكگرتوی وڵاتانی ئیسلامی لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل کە ڕەنگە لە ئایندەدا درێژببێتەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش.