"پێویستە هەموو رێكارێكی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق بگیرێتەبەر"

ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی لەسەر گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکان کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی. 

سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد و تیایدا پێداچوونەوە بە دۆخی ئەمنی و سەربازی وڵات کرا، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندن و گرژیانەی کە لە ناوچەکەدا بەدی دەکرێت". 

وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە" عێراق هاوسۆزی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەردەبرێت کە ئامانجی ڕژێمی زایۆنی بەرفراوانکردنی ململانێکان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەروەک ئەنجومەن ئامادەیی عێراقی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ گەلی ئێران بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دەستدرێژییەکە دەربڕی". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە میانەی کۆبونەوەکەدا سودانی جەختی لە پێویستی گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق، بە ئاماژەدان بە رێنماییەکانی پێشووی خۆی بۆ وەزارەتی دەرەوە بۆ کارکردن لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و ڕەتکردنەوەی ئەو پێشێلکاریانەی کە لە لایەن قەوارەی زایۆنیەوە ئەنجام دراون". 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕێنماییەکانی دووپاتکردەوە کە ئەوپەڕی هەوڵەکان بۆ ئاسانکاری گواستنەوەی ئەو عێراقیانە لە وڵاتانی ناوچەکەدا گیریان خواردووە و بگرێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان". 

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە کۆمەڵێک مەلەفی پەیوەندیدار کرا، لەم بارەیەشەوە سودانی توانای دەزگاکانی دەوڵەتی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوخۆ و توانای پیشەیی بەرزیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکاندا". 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا ئەوە هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەن دووپاتیکردەوە لەسەر لێپێچینەوەی یاسایی لەو کەسانەی دەبنە هاندەری پشێویی و هەموو ئەوانەی چەواشەکاری بڵاودەکەنەوە، کە دۆخی ناوچەکە دەقۆزنەوە بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا". 



PM:09:37:15/06/2025