"ئیدانەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دژی ئاسمانی عێراق دەکەین"

سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق هەوڵە یاساییەکانی حکومەتی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئاسمانی عێراق تاوتوێ کرد.

نوسینگەی سودانی ڕایگەیاندووە" سودانی لەگەڵ فایەق زیدان کۆبووەتەوە، و لە میانی دیدارەکەدا، پێداچوونەوەیان بە هاوکارییەکانی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری و یاسادانان و گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان لەم قۆناغەدا کردووە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ئاسمانی عێراق و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ گرتنەبەری هەڵوێست و ڕێوشوێنی یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە بەردەم ئۆرگانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی مافەکانی عێراق و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەکی سەروەری، دووپاتکرانەوە، هاوکات ئیدانەی دەستدرێژیی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران و زیادبوونی ئاستی گرژی ناوچەیی کرد". 



PM:09:34:17/06/2025