مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە هۆشداری دا لە لێکەوتەکانی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و داوای لە ئۆرگان و وڵاتانی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ نووسینگەی سیستانی بڵاویکردووەتەوە" عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق ئیدانەی توندی خۆی بۆ بەردەوامی دەستدرێژی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و هەر هەڕەشەیەک بۆ بەئامانجگرتنی سەرکردایەتی باڵای مەزهەبی و سیاسی ئێران دووپاتکردەوە".
هەروەها هۆشداریدا لەوەی" کردەوەیەکی تاوانکاری لەو شێوەیە، جگە لە پێشێلکردنی ئاشکرای بەها ئایینی و ئەخلاقییەکان و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، پێشبینی دەرئەنجامە ترسناکەکان دەکات بۆ هەموو ناوچەکە کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی خولگەیەکی تەواو لە ژێر کۆنترۆڵ و ئاژاوەیەکی بەرفراوان کە ئازارەکانی خەڵکەکەی توندتر بکات و تا ئەوپەڕی زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بگەیەنێت".
داواش لە لایەنە نێودەوڵەتییە چالاکەکان و وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ئیسلامی دەکات و دەڵێت" ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە ناڕەوا و دۆزینەوەی ڕێگا چارەی دادپەروەرانە و ئاشتیانە بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بخەنەگەڕ".