قاسم ئه‌عره‌جی: شه‌ڕی ئیسرائیل و ئێران ده‌بێته‌ مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ژینگه‌ و ته‌ندروستیی جیهانیش

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق نیگه‌رانی وڵاته‌كه‌ی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکدەرەکان لە ناوچەکە دەرده‌بڕێت؛ ده‌شڵێت، شه‌ڕی ئیسرائیل و ئێران ده‌بێته‌ مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ژینگه‌ و ته‌ندروستیی جیهانیش.

پێنجشه‌ممه‌ ١٩ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٥، قاسم ئه‌عره‌جی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند، عێراق نیگه‌رانییه‌كی قووڵی هه‌یه‌ لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکدەرەکان له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ناوچەکە.

قاسم ئه‌عره‌جی هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، به‌رده‌وامی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران كه‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمی و سه‌ربازییه‌كان به‌ ئامانج ده‌گرێت، كاره‌ساتی گه‌وره‌ی تەندروستی و ژینگەیی لەسەر ئاستی جیهان دروست ده‌کات. هاوكات هۆشداریشی دا ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌رده‌وام بێت، ناوچه‌كه‌ ڕاده‌كێشێته‌ ناو کارەساتێکی پێشبینینەکراو.

شه‌ممه‌، ١٤ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٥، ده‌سته‌ی نیشتمانیی بۆ چاودێریی ئه‌تۆمی، تیشک، کیمیایی و بایۆلۆجیی عێراقی، دوابه‌دوای هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ و نائاسایی كرد و تێیدا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ لێكه‌وته‌كانی ئه‌و هێرشانه‌ كرا.

هه‌روه‌ها له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەڵسەنگان بۆ ئاستی ئەمنی و تەکنیکی لێكه‌وته‌ و کاردانەوەی ئەو پێشهات و ڕووداوانە كراوه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر پێشهات و ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو.




AM:12:25:20/06/2025