بە وتەی سەرۆكی تیمی راگەیاندن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەگەر دەستلەكاركێشانەوەكانی دادگای فیدراڵی پەسەندبكرێت كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دادگای باڵای فیدراڵی لایەنی رێگەپێدراوە بە پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بۆیە ئەگەر دەستلەكاركێشانەوەی دادوەرەكانی دادگای فیدراڵی پەسەند بكرێت، ئەمە كاریگەریی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبت کە بڕیارە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت".
ئاشکراشی کرد کە" ئەگەر پاشەكشێ هەبێت لە دەستلەكاركێشانەوەكان یاخود پەسەند نەكرێن، پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەی سروشتی بەڕێوەدەچێت".
عیماد جەمیل وتیشی" لەئێستادا هیچ پلانێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەئارادا نییەو كۆمسیۆن بەردەوامە لە جێبەجێكردنی خشتەی كارەكانی خۆی، چونكە كۆمسیۆن یاساو بودجەی هەڵبژاردنی لەبەردەستدایە".
سەبارەت بە کاریگەری دۆخی ناوچەکە دەشڵێت" دۆخی ئەمنیی لە عێراق ئێستا سەقامگیرەو هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەبێ هیچ گۆڕانكارییەك بەڕێوەدەچێت".
دوێنێ حاکم دیار محەمەد عەلی لە پشکی یەکێتی یەکێکە لەو دادوەرە سەرەکییانەی کە لەگەڵ ٥ دادوەری سەرەکی دیکە و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشی جاسم عەبود، سەرۆکی دادگاکە کردووە.
بە پێی زانیارییەکان، کێشەکە پەیوەندی بە دۆسیەی خۆرعەبدوڵاوە هەیە کە تێیدا سەرۆکی دادگای فیدراڵی گوشاری خستووەتە سەر ئەندامانی دادگاکە بۆ ئەوەی لە بڕیارێکی پێشوو پاشگەزببنەوە.
ساڵی ٢٠١٣ نوری مالیکی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی حکومەتدا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کوێت واژۆ کرد تایبەت بە ڕێکخستنی هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەی خۆرعەبدوڵا کە دواتر ڕاگەیەندرا مالیکی سازشی لەسەر بەشێکی خاکی عێراق کردووە و ساڵی ٢٠٢٣ش دادگای فیدراڵی ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئێستاش گوشارخراوەتە سەر ئەندامانی دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی بڕیارێک لە دژی بڕیارەکەی پێشوویان دەربکەن و ئەوەش لەلایەن زۆربەی ئەندامەکانییەوە ڕەتدەکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا بەفەرمی لە دادگا و هیچ دەستەیەکی شەرعی عێراق لەسەر دەستلەکارکێشانەوەیام هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە.