وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە و جەختی لەسەر پێویستی ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کردەوە، هاوکات داوای "گەڕانەوەی بەپەلە"ی کرد بۆ سەر مێزی دانوستان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی لە ٥١ـەمین خولی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ئیستەنبوڵ کۆبونەوە".
بەپێی بەیاننامەکە، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کراوە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەوەش هاتووە" هەردوو وەزیر باسیان لە کاریگەرییەکانی ئەم هەڵکشانە و کاردانەوەی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردووە، لەوانەش لێکەوتە مرۆییەکان و مەترسییەکانی فراوانبوونی ململانێکان".
لای خۆیەوە فوئاد حسێن جەختی لە" پێویستی ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کاریگەرییەکانی پەرەسەندنی سەربازی" کردەوە.
هەروەها جەختی لە گرنگی" چڕکردنی هەوڵە دیپلۆماسییە بەکۆمەڵەکان لە ڕێگەی کەناڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانەوە کردەوە و داوای کرد گەڕانەوەی بەپەلە بۆ سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆی سیاسی وەک تاکە بژاردە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و دوورکەوتنەوە لە کارەساتەکانی ناوچەکە".
هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران و گرنگی بەردەوامی ڕاوێژ و هەماهەنگی لە بابەتەکانی بەرژەوەندی هاوبەش، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و ڕێزگرتن لە سەروەری نیشتمانی کرایەوە.