عێراق بە بێ ناوهێنانی ئەمریکا بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئیدانە دەکات

حکومەتی عێراق بە بێ ناوهێنانی ئەمریکا، بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئیدانە دەکات و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند،"حکومەتی عێراق بەوپەڕی نیگەرانییەوە، بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانە دەکات".

وتیشی" پەرەسەندە سەربازییەکان مەترسی بۆ ئاشتی و سەلامەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات و سەقامگیری ناوچەکەش ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەکاتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو کە عێراق داوای ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و بەئامانجنەگرتنی دامەزراوە گرنگەکان دەکاتەوە، بە تایبەتیش ئەوانەی کە لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدان و بۆ ئامانجی ئاشتییانە بەکاردەهێنرێن.

باسم عەوادی ڕاشیگەیاند" عێراق جەخت دەکاتەوە کە ڕێگەچارەی سەربازی نابێتە جێگرەوەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەت و بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دەبێت".

جەتیشیکردەوە لەوەی عێراق داوای دەستبەجێ هێورکردنەوە و کردنەوەیکەناڵی دیپلۆماسی خێرا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکات.

کاتژمێر ٢:٥٠ خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.
 
دوای هێرشەکان، ترەمپ رایگەیاند، فۆردۆ کۆتاییهاتووە.





AM:09:27:22/06/2025