سەرۆک کۆماری عێراق داوایەکی دادگای باڵای فیدراڵی رەتدەکاتەوە ودەڵێت" پێچەوانەی بنەمای سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییە كە لە مادەی (٨٧)ی دەستوردا هاتووە".
لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق، لە نوسراوێكدا بۆ سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی نوسیوێتی" نوسراوەكەتان لەبارەی كۆبونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت، بۆ كۆبونەوە سەبارەت بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و بڕیارەكانی دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵی و، بانگهێشتركردنی شارەزایانی دەستوری و یاسایی بۆ ئامادەبون لەو كۆبونەوەیەو خستەڕووی ڕایان بە پێچەوانەی بنەمای سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییە".
دەشڵێت" لەوبارەیەوە دەمانەوێت رونیبكەینەوە كە ئەوە پێچەوانەی بنەمای سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییە كە لە مادەی (٨٧)ی دەستوردا هاتووە، پێمانوایە، ئەم داوایە دەرفەتێكی فراوان دەكاتەوە بۆ دەستوردان لە بواری دادوەری، بۆیە پێشنیاز دەكەین، بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی ناكۆكی لەسەر لەنێوان بڕیارەكانی دادگای تێهەڵچوونەوەو دادگای باڵای فیدراڵی".