وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا: پێویستە دوبارە نەوت لە بەندەری جەیهانەوە هەناردە بکرێت

هەر یەک لە وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا کۆبونەوە، جەختیاکردەوە لە بەهێزکردنی هاوکاری نێوانیان و باسیان لە پرسی قەیرانی ئاو و هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کرد.

بە پێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەر یەک لە فوئاد حوسێن و هاکان فیدان، لە پەراوێزی کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە ئیستانبوڵ، کۆبونەوە.

لە کۆبونەوکەدا، باس لە پەرەسەندی ئێستای گرژی و ناکۆکییەکانی ناوچەکە کراو و جەختیان لەوە کردەوە، کە هاوکاریەکانیان زیاتر بێت تا بتوانن ڕوبەڕوی ئاستەنگەکان ببنەوە.

ئاماژەبەوەشکراوە، فوئاد حوسێن لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی باسی لەوەکرد ئەو ئاوەی لە تورکیاوە دێت بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبوتەوە، لە بەرامبەردا هاکان فیدان بەڵێنیداوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی قسەبکات و بەرژەوەندی هەردولا گەرەنتی بکرێت.

ئەو دو وەزیرە عێراقی و تورکییە باسیان لە پرسی نەوتیش کرد، جەختیان لە خێراکردنی هەماهەنگی تەکنیکی و کاڕگێری بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهان کردەوە.



AM:09:59:23/06/2025