هەندێك لە كۆمپانیا بیانیەكان، بەشێك لە كارمەندەكانیان لە كێڵگە نەوتیەكانی بەسڕە، كشاندوەتەوە، كۆمپانیای نەوتی بەسڕە دەڵێت" ئەو كشانەوەیە كێشەی دروست نەكردوە و پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامە".
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی كۆمپانیای نەوتی بەسڕە، هەندێك لە كۆمپانیا بیانیەكان، ئەوانەی لە كێڵگە نەوتیەكانی پارێزگای بەسڕە كاردەكەن، بەتایبەت كۆمپانیای بی پی بەریتانی، بەڵام بەشێك لە كارمەندەكانیان كشاندوەتەوە و جەختی كردەوە لەوەی، پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بەشداری كارمەندانی عێراقی بەردەوامە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، كۆمپانیای ئی ئێن ئای، ژمارەی كارمەندەكانی لە ٢٦٠ كەسەوە بۆ ٩٨ كارمەند كەم كردوەتەوە، بەڵام كۆمپانیا چینیەكان كە كێڵگە نەوتیەكانی ڕۆژئاوای قوڕنە و فەیحا بەڕێوە دەبەن، بەشێوەیەكی ئاسایی كار دەكەن و هیچ كارمەندێكیان نەكشاوەتەوە.
كۆمپانیای نەوتی بەسڕە باس لەوەش دەكات، كۆمپانیای تۆتاڵ ٦٠%ی كارمەندەكانی كەم كردوتەوە وەك خۆئامادەكردن بۆ هەر پێشهاتێك و دەشڵێت" ئەو كشانەوەیە، كاریگەریی لەسەر پرۆسەی دەرهێنانی نەوت دروست نەكردوە".