وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمشەو دووشەممە هۆشداری لە بەرامبەر هەڵکشانی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پشتڕاستکردەوە، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە بە ئامانجگرتنی قەتەر گرژییەکان زیاتر دەبێت.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" وەزارەتەکە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنی مەترسیدار و خێراتر لە ناوچەکە دەکات کە لەگەڵ هێرشکردنە سەر دەوڵەتی قەتەر خهریكه تهشهنه دهكات، ئەوەش پێشهاتێکە کە عێراق لە مێژە هۆشداری دەدات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییە قورسانەی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە دروستی دەکات".
دەشڵێت" ئەم پەرەسەندنە ئاماژەیە بۆ گرژی زیاتر و نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخانێکی مەترسیدار و بێ وێنەیە لە ململانێکاندا، بە لەبەرچاوگرتنی هۆشدارییە دووبارەکانی عێراق لە مەترسی تێوەگلانی لایەنە نوێیەکان، کە دەتوانێت ببێتە هۆی فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکە و پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاندووە" ئێمە هەڵوێستی پتەوی عێراق دووپات دەکەینەوە کە قەیرانەکانی ناوچەکە تەنها لەڕێگەی گفتوگۆ و پەنابردنە بەر کەناڵە دیپلۆماسییەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردە سەربازییەکان چارەسەر دەکرێن، کە تەنها پەرەسەندن و ئازاری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت".
ئێوارەی ئەمڕۆ ئێران بە مووشەکی بالیستیکی بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی ئەمریکای لە قەتەر کردە ئامانج، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە.