وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، ١٦٠ هاوپەیمانی و پارت و لیستی تاک ناوی کاندیدەکانیان تۆمارکردوە و لە ماوەی مانگێکدا وردبینیان بۆ ئەنجامدەدرێت.
جومانە غەلای، رایگەیاند: ١٦٠ هاوپەیمانی و پارت و لیستی تاک، ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشکەشکردوە.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: لیستی ناوی کاندیدەکان کە پێشکەش بە کۆمیسیۆن کراون، لەماوەی مانگێکدا وردبینییان بۆ ئەنجامدەدرێت، هەر کاندیدێک مەرجەکانی تیادا نەبێت، لە کاندیدبون دوردەخرێتەوە.
بڕیارە رۆژی ١١ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، هەرچوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق بەردەوام پشتیوانیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا دوپاتدەکەنەوە و کۆمیسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان.