بە کورتەنامە هەڕەشە لە بەرپرسان دەکرێت

لە ژمارەی نێودەوڵەتییەوە کورتەنامەی هەڕەشە بۆ کۆمەڵێک بەرپرسی عێراق نێردراوە و هۆشدارییان دەداتێ لەوەی هێرش نەکەنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و نەبن "بە بوکەڵەی دەستی ئێران".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەیف ڕەعد، شارەزای ئەمنی عێراقیی ڕایگەیاند" لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە کورتەنامە بۆ ژمارەی تایبەتیی بەشێکی دیاریکراو لە سیاسییەکانی عێراق دەنێردرێت و هۆشدارییان دەداتێ لە خراپی دەرەنجامەکانی ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق''.

ڕوونیشیکردەوە، کورتەنامەکان لەگەڵ نامەی دەنگیی کە هەمان نووسین دەخوێنێتەوە لە ڕێی ژمارەی نێودەوڵەتییەوە بۆ بەرپرسەکان نێردراون و دەقەکەشی دەڵێت" هۆشداری بۆ میلیشیا ئێرانییەکان. وەڵامی خێرا و یەکلاکەرەوەی هەر هێرشێک دەدرێتەوە کە بکرێتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان".

بە وتەی سەیف ڕەعد، یەکێکی دیکە لە نامەکان دەڵێت: "میلیشیا ئێرانییەکان بەردەوام عێراق ڕووبەڕووی مەترسی دەکەنەوە.. مەبن بە بوکەڵەی دەستی ئێران”.

ڕاشیگەیاند، ناردنی نامەکان ئاماژەن بۆ بوونی هێرشێکی ئەلیکترۆنی ڕێکخراو کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشانەی کە لە ڕێی مووشەک و درۆنەوە کرانە سەر سلێمانی، کەرکووک، دهۆک و بێجی.

بە بڕوای شارەزا ئەمنییەکە، عێراق بەرەوە پەرەسەندنی ئەمنی و سەربازیی هەستیار و مەترسیدا هەنگاو دەنێت.

هەرچەندە سەرچاوەی نامەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لە هاوشێوەی ئەو نامانە دەچێت کە لە کاتی جەنگی ئێران-ئیسرائیلدا بۆ مۆبایلی تایبەتی ژمارەیەک بەرپرسی ئێران ڕەوانە دەکرا و تێیدا داوایان لێ دەکرا تاران بەجێبهێڵن.



PM:06:38:03/07/2025