هێزەکانی ئەمریکا کە لە بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای ئەنبار جێگیرکراون کەوتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، دوای هێرشە درۆنەکەی شەوی ڕابردووی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر دێت.
ماڵپەڕی بەغداد ئەمڕۆ لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" ئەو هێرشەی کە بە درۆنێک کرایە سەر نزیک فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کە سەدان سەربازی ئەمریکی تێدا جێگیرە، وای لە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد کرد کە ڕێوشوێنی ئەمنی توند بگرنەبەر بۆ خۆئامادەکردن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر هێرشەکەدا کە هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی لێنەکەوتەوە، بەپێی زانیارییە بەردەستەکان تائێستا ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بەردەوامن.
ماڵپەڕەکە ڕوونیشیکردەوە، ئەو ڕێوشوێنانە بەشێکن لە ڕێوشوێنی خۆپارێزی، بە تایبەت لەبەر ڕۆشنایی دوبارەبوونەوەی هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەم دواییانەدا.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بنکەی عەین ئەسەد شاهیدی فڕینی چڕ و پڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، لەگەڵ بەهێزکردنی ئەمنی لە دەروازەکانی بنکەکە و تاوەرە سەرەکییەکانی کۆنترۆڵکردن.