دەستەی دەستپاکی عێراق: دەبێت سەرجەم کاندیدانی هەڵبژاردن سەرچاوە داراییەکانیان ئاشکرا بکەن


سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق، هۆشداریدا لەوەی ڕێکارەکانی ڕێگریکردن ساختەکاری و چەواشەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان زیاتر دەکەن و وتیشی '' دەبێت سەرجەم کاندیدەکان سەرچاوە دارییەکانیان ئاشکرا بکەن''. 

محەمەد عەلی لامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند'' پێویستە هەموو کاندیدەکانی هەڵبژاردن سەرچاوە داراییەکانیان بە بەڵگەوە ئاشکرابکەن'' جەختیشی کردەوە لەوەی، کۆمسیۆن پابەندە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بەبێ بوونی هیچ ساختەریەک. 

سەرۆکی دەستەکە، لە درێژەی قسەکانی ئاماژەی بەوەدا، ڕێگەنادەن پارەی دەوڵەت و حکومەت لە بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن هیچ لایەنێک بەکاربهێندرێت، وتیشی'' ژمارەیەکی مۆبایل تەرخانکراوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان سکڵا تۆماربکەن لە کاتی هەوڵدان بۆ کڕینی دەنگەکانیان''. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، هاوکات، لە میدیای عێراق ماوەی چەند مانگێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبتەوە کە چەندین لایەنی سیاسی هەوڵدەدەن دەنگی هاوڵاتیان بکڕن یاخود بە هەڕەشە لێی کردن ناچاریان دەکەن دەنگیان پێبدەن. 




AM:11:54:08/07/2025