سودانی و ئەردۆغان پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاند، ئامانجی وڵاتەکەی "تیرۆریزم بۆ هەمیشەیی بنبڕ بکات" لە ناوچەکەدا.

ئەمەش لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئەو دوو سەرکردەیەدا هات، بەپێی بەیاننامەیەکی بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا. 

ئەردۆغان ڕایگەیاندووە" وڵاتەکەی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی دیدگای خۆی بۆ تورکیایەکی دوور لە تیرۆر و ئامانجی بنبڕکردنی هەمیشەیی تیرۆرە لە ناوچەکەدا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا بەردەوام دەبێت لە هەنگاوە پێویستەکان لەم بوارەدا و بە وریاییەوە لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا دەمێنێتەوە کە هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسەیە دەدەن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە" هەردوولا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا و عێراق بەردەوام دەبن لە قۆستنەوەی دەرفەتەکانی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکان لەسەر بنەمای قازانجی هاوبەش، بەتایبەتی سەبارەت بە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان".



PM:11:07:12/07/2025