پێنج شەممە حکومەتی عێراق بڕیار لەسەر رێککەوتن لەگەڵ هەرێم دەدات

بڕیارە سبەی پێنج شەممە ١٧ ی تەموز ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە و بڕیار لەسەر ئەو رەشنوسە بدات کە ئەمڕۆ لە بارەی مووچەو داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پەسەندیکرد.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " دوای گەڕانەوەی سودانی سەرۆک وەزیران لە شاری موسڵ بڕیارە سبەی پێنج شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر ئەو رەشنوسە بکات کە لە نێوان بەغداو هەرێمدا گەڵاڵە کراوەو رەزامەندی لەسەر بدرێت.

هاوکات بڕیارە لە زووترین کاتدا هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر هەمان پرس بە ئامادەبوونی سودانی کۆببێتەوەو بڕیاری لەسەر ئەو رێککەوتنە بدات.

ئەو رەشنووسەی کە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەسەری واژووی کرد، بۆ دوو مانگەو، بەغدا مووچەی دوو مانگ دەنێرێت بۆ هەرێم.

بەپێی رێککەوتنەکە، رۆژانە دەبێت هەرێم بڕی ٢٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕێگای سوەیداوە هەناردە بکات. مانگانەش بڕی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات. هەروەها بڕی ٥٠ هەزار بەرمیل رۆژانە نەوت دەدرێت بە هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆ.

بۆ پرسی ١٢٠ ملیارەکەی داهاتی ناوخۆ و ٥٥ هەزار بەرمیل نەوتەکەی پێداویستی ناوخۆ. لیژنەی هاوبەشی هەردوولا بە دوای ئەم دوو بڕەدا دەچێت و، لە دوای دوو مانگەکە بڕەکە چەند بوو هەرێم و بەغدا پا بەند دەبن پێوەی.


  




PM:07:35:16/07/2025