وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند'' ژمارەی قوربانیانی ئاگرەکەی کوت بۆ ٦١ کەس بەرزبووەوە.''
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە بەیانامەیەکدا، ڕایگەیاند'' ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هایپەرمارکێتەکەی کوت گیانیان لەدەستداوە بۆ ٦١ کەس بەرزبووەوە و ٤٥ کەسیش لە ئاگرەکە ڕزگارکراون.''
ئاماژەبەوەشکراوە، تەرمی چوار کەس بە تەواوی سوتاون و ناسنامەیان نادیارە.
بەپێی زانیاری میدیا عێراقییەکان، زۆرینەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی خنکانەوە بوو، هەروەها حەوت ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستداوە.
لەلای خۆشیەوە، محەممەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست، سێ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند و جەختیکردەوە، لەوەی لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری ئاگرەکە ئاشکرادەکەن.