لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکەی كوت ئەنجامە سەرەتاییەكانی راگەیاند

ئەمڕۆ شەممە، ١٩ی تەممووزی ٢٠٢٥، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرەکەی 'هایپەر مارکێتی' شاری کوت، ئەنجامە سەرەتاییەکانی ڕاگەیاند، دەرەنجامەکان لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بریتین لە ڕاگرتنی ١٧ بەرپرس و فەرمانبەری حکوومی و سێ ئەفسەر، کە بەهۆی کەمتەرخەمی کارەساتەکەی گەورەتر کردووە و زیانەکانی زیاتر بوونە.

میقداد میری، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق  رایگەیاند" لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە کە بە فەرمانی سەرۆک وەزیران پێکهێنراوە، بەشێکی بەرچاوی کارەکانی بە ئەنجام گەیاندووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە و ئەنجامدانی پێداچونەوەی مەیدانی لەگەڵ شایەتحاڵ و بەرپرسان، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت، کەمتەرخەمییەکی روون لەلایەن ژمارەیەک بەرپرس و کارمەندەوە لە چەندین فەرمانگە هەبووە، ئەمەش کارەساتەکە و زیانەکانی گەورەتر كردووە".

وتیشی"  لیژنەکە بڕیاریداوە بە راگرتنی کاتیی  ١٧ فەرمانبەر لە پارێزگاكە، تا تەواوبوونی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و کارگێڕی بەرامبەریان".

ئاشکراشی کرد کە  لیژنەکە بڕیاریداوە سێ ئەفسەر دەستبەسەر بكات، کە بریتین لە، بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی گەشتیاری و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی و فەرماندەی کەرتی یەکەمی بەرگری شارستانی.

١٧ـی تەممووزی ٢٠٢٥، بەهۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵێکدا لە شاری کوت نزیکەی 70 کەس گیانیان لەدەستدا.




AM:10:08:19/07/2025