کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: ٤٦ کاندیدی هەڵبژاردن ڕەتکراونەتەوە

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایدەگەیەنێت"٤٦ کاندیدی هەڵبژاردن ڕەتکراونەتەوە چونکە حزبەکانیان مەرجی پێویستیان نەبووە بۆ کاندیدکردنیان".

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاند، "پرۆسەی پشکنین بۆ کاندیدەکانی لیستی هەڵبژاردن لەناو هاوپەیمانییەکان تا کۆتایی مانگی تەمموز بەردەوامە".

دووپاتیشی کردەوە کە "تا ئێستا ٤٦ کاندید بێبەش کراون، چونکە حزبەکانیان مەرجی پێویستیان نەبووە بۆ کاندیدکردنیان لەسەر لیستی هەڵبژاردنەکان و مەرجەکانی کاندیدکردنیان تێدا نەبووە".

ڕوونیشی کردەوە کە "سیستمی تۆمارکردنی کاندید ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٥، لە مادەی (٢) یەکەم- ت، سەبارەت بە لیستی کراوە، مەرجی ئەوەی داناوە کە لە ٢٠% زیاتری ژمارەی کاندیدەکان بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم یان بڕوانامەی ئامادەیی و هاوتاکانیان تەرخان كراوە”.
وتیشی: "بەو پێیەش بوونی ١١ کاندید کە بڕوانامەی ئامادەییان هەیە کاریگەری لەسەر ئەم ڕێژەیە هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بە کاندیدەکانی خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس گۆڕدراون. سەبارەت بە نوێنەرایەتی ژنان لە لیستە کراوەکاندا، نابێت ڕێژەکەیان لە ٢٥% کەمتر بێت لە کۆی ژمارەی کاندیدەکان، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش سێ کاندیدی نێر گۆڕدراون بۆ ئەوەی دڵنیابن لە بەدەستهێنانی ئەم ڕێژەیە لە لیستەکەدا”.

بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.




PM:05:52:19/07/2025