لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداری لە تەیف سامی وەزیری دارایی دەکات و بڕیارە چەند پرسێک تایبەت بە دۆخی ئابووری عێراق لە دیدارەکەدا تاوتوێ دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٥ لەسەر داوای عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی حکوومەتی فیدراڵ، لەلایەن لێژنەی داراییەوە میوانداریی دەکرێت، لەبارەی چەند تەوەرێک پرسیاری لێدەکرێت، داواشی لێکراوە، داتا و زانیاریی لەبارەی ئەو پرسانە، لەگەڵ خۆی بێنێتە پەرلەمان.
بەپێی نووسراوێک کە سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاڕاستەی وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە، تاوتوێی سێ تەوەر دەکرێت، گرنگترینیان جێبەجێکردنی بوودجەی سێ ساڵە و داهاتی ڕاستەقینەی نەوتی و نا نەوتی و کۆی خەرجی کە تا ئێستا کراوە.
هاوکات داوای ڕوونکردنەوە لە تەیف سامی دەکرێت لەسەر کۆی پارەدارکردن و قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، لەگەڵ ئەوەشدا باس لە هۆکاری نەناردنی خشتەکانی بوودجە دەکرێت کە تا ئێستا حکوومەت خشتەکانی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٥ی نەناردووەتە پەرلەمان.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە دوابەدوای قبوڵکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەولێر و بەغدا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تا ئێستا بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە واژۆ نەکراوە.