سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیارێکی واژۆ کرد کە بەپێی ئەو بڕیارە، رێککەوتنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق، کە لە ساڵی ١٩٧٣وە کاری پێدەکرێت،نوێ ناکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥ بەگوێرەی ئەو بڕیارەی بە واژۆی ئەردۆغان سەرک کۆماری تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی ١٩٧٣ لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە رۆژی ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٦ـەوە ناکارا دەکرێت و کۆتایی پێدێت.
لە بڕیارەکەدا کە بە ژمارە ١٠١١٣ لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، لەو رێککەوتەوە رێککەوتنەکە و سەرجەم پرۆتۆکۆل و بەڵگەنامە هاوپێچەکانی دیکە کە پەیوەستن بەو بابەتەوە، هەڵدەوەشێنەوە.
ئەو رێککەوتنە بۆ یەکەمجار رۆژی ٢٧ی ئابی ١٩٧٣ لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا. رۆژی ٢٢ی نیسانی ١٩٧٥ بە بڕیاری ژمارە ٧/٩٨٤٣ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. بە درێژایی ساڵان لە رێگەی چەندین پرۆتۆکۆلی جیاوازەوە نوێکراوەتەوە. دواجار لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ماوەی ١٥ ساڵی دیکە درێژکرابووەوە، کە ماوەکەی لە ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی دەهات.