ئەمەریکا ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان رۆبیۆ‌ و سودانی ئاشکرا کرد


قونسڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان مارک رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئاشکرا کردو کە چەند داوایەک لە عێراق دەکات و هۆشداریشی پێدەدات.

لە راگەیاندنەکەی قونسڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێردا هاتووە" وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی دەربارەی ئەو هێرشانەی بەم دواییانە کرانە سەر ژێرخانی وزە و لە ناویشیاندا ئەو بەشانەی لە لایەن کۆمپانیا ئەمریکیەکانەوە بەڕێوەدەبرێن قسەی کرد و جەختی کردەوە لە گرنگیی ئەوەی حکومەتی عێراقی ئەنجامدەرانی هێرشەکان ڕوبەڕوی بەرپرسیارێتی بکاتەوە و ڕێگری بکات لە هێرشی تر لە داهاتوودا".

لە راگەیاندنەکەدا هاتووشە" وەزیری دەرەوە باسی لە گرنگیی پێدانی موچەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی بۆریی نەوتی نێوان عێراق و تورکیا کرد".

ئەمەریکا نیگەرانییەکی قوڵی هەیە و دەڵێت " وەزیر نیگەرانیی قوڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی کە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە دوپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە یاسای لەو جۆرە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی هەژمونی ئێرانی و گروپە تیرۆرستە چەکدارەکان و ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازکردنی سەروەریی عێراق".

لەلایەن سودانی سەرۆک وەزیران و نوسینگە رۆژنامەوانییەکەیەوە تا ئێستا بەم روونییە هیچ راگەیاندنێک لە بارەی پەیوەندیە تەلەفونییەکەی سودانی لەگەڵ وەزیری دەرەوە ئەمەریکا، بڵاونەکراوەتەوە.




PM:02:37:23/07/2025