وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سودانی كردووە پەلە بكات لە یەكلاكردنەوەی گروپە چەكدارەكان، وە داواش لە سەرۆک وەزیران دەکات؛ حەشدی شەعبی تێكەڵ بکات بە دەزگا ئەمنیەكان.
رۆژنامەی "العالم الجدید" لەزاری سەرچاوە نزیكەكانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە ئاشکرایکردووە "مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەمیانی پەیوەندییەکەی لەگەڵ سودانی، جەختی لە پەیام و هەڵوێستی ئەمریکا كردووەتەوە لەبارەی گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران".
بەپێی رۆژنامەکە، روبیۆ داوای لە سودانی كردووە؛ پەلەبكات لە یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت.
سەرچاوەکانی سودانی ئاماژەیان بەوەشکردووە، روبیۆ جەختی لە یەکخستنی هێزەكانی حەشدی شەعبی كردووەتەوە لەناو هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت، کە ژێر فەرمانی سەرۆكایەتی وەزیرانن.