سودانی داوای لێکۆڵینەوە لە شەڕی نێوان حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان دەکات، دەڵێت'' بكەرانی ئەو كارە بە پێی یاسا کارپێکراوەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.''
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە'' محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەمنی كردووە، جەختی لەسەر پێویستی نەرمی نەنواندن لە ئەرکی پاراستنی یاساو پارێزگاریكردن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت كردووەتەوە.''
ئاماژە بەوەشکراوە، سودانی داوای بەردەوامبونی لە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی وردەكاری دەستوەردانی دەستدرێژكاران و جوڵەكردنیان بەبێ رەزامەندی ئەمنی پێشوەختە کردوە.
سودانی پێداگری کردەوە لەوەی، بكەرانی ئەو كارە بە پێی یاسا کارپێکراوەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، وتیشی'' هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە جێگەی دەوڵەت یان دەسەڵاتەكانی بگرێتەوە، هیچ لایەنێك لە سەروی یاساوە نییە.''