نزیکەی هەشت هەزار کەس خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق کاندید کردووە

ھەفتەی داھاتوو تیروپشکی ڕیزبەندی بۆ کاندیدانی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت و سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت نزیکەی هەشت هەزار کەس خۆیان کاندید کردووە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پڕۆسەکە بەڕێوەدەبات و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەی کاندیدەکان دەکات و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو دوای تەواوبوونی ڕێکارەکان، تیروپشک بۆ ڕیزبەندی کاندیدەکان بکرێت.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دەربارەی ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەی ڕایگەیاند لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا پڕۆسەی وردبینی بۆ ناوی کاندیدان دەکرێت و ڕەوانەی لایەنی پەیوەندار دەکرێت.

وتیشی" ژمارەی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بریتییە لە حەوت هەزار و ٩٢٦ کەس و، لەو ژمارەیەش ٤٦ کاندید بەهۆی تەواونەکردنی مەرجە یاساییەکان، دوورخراونەتەوە".

عیماد جەمیل ئەوەشی خستەڕوو کە " بە گشتی ١١ کاندید بڕوانامەی ئامادەییان هەبووە و بە دەرچووانی زانکۆ گۆڕدراون، هەروەها بۆ زامنکردنی ڕێژەی سەدا ٢٥ی ژنان، ئەوا سێ کاندیدی پیاو گۆڕدراون و سێ کاندیدی ژن لە شوێنیان دانراون".

لەبارەی کاتی تەواوبوونی پڕۆسەکە و پێدانی ژمارەی ڕیزبەندی بە کاندیدان، وتی" لە دوو ڕۆژی داھاتوودا وردبینی بۆ ناوی کاندیدەکان تەواو دەبێت و ڕەوانەی لایەنی پەیوەندار دەکرێت، هەروەها لە پێنجی ئاب تیروپشکی ژمارە پێدان بۆ ڕیزبەندی کاندیدان ئەنجام دەدرێت".

بۆ ئەم خوولەی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ٣١ ھاوپەیمانی، ٤١ پارت و ٨٧ کەس وەک کاندیدی تاکە کەسیی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی تۆمار کراون.

بۆ ئەم خوولەی ھەڵبژاردن ٢٢ ملیۆن و دووسەد ھەزار کەس مافی دەنگدانی ھەیە لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، ١٧ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەبوو بەمەش بەراورد بە ھەڵبژاردنی پێشوو، پێنج ملیۆن دەنگدەر زیادی کردووە.

ڕۆژی نۆی نیسانی ئەمساڵ، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بڕیاری دا ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

بەپێی یاسا ٣٠ ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، بانگەشە دەست پێدەکات و بەم پێیەش بۆ ھەڵبژاردنی ئەم خوولەی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی نۆی تشرینی یەکەم بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەکات و ٢٤ کاتژمێر بەر لە دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، بانگەشەی ھەڵبژاردن ڕادەگیرێت.



PM:07:37:29/07/2025