ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تاوتوێی هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی تەمموز، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کرد، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتیی ئەمنیی وڵات کرا.

لای خۆیەوە سه‌باح نوعمان، وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە کاری لیژنە تایبەتمەندەکانی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکان، ناوچە گرنگەکان و کەرەستە سەربازییەکانی عێراق، لەوانەش ڕادار، هەروەها هێرشی ئەم دواییە بۆ سەر فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرخ لە بەغدا، کرا.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، پێداچوونەوە بە هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانمان بۆ پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان کرا، هاوکات جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگیی و یەکخستنی هەوڵەکان لە نێوان هەموو دەزگا ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرایەوە. 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی مانگی رابردووەوە، زیاتر لە ٣٠ هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە بەشی زۆریان کێڵگە نەوتییەکانیان کردە ئامانج سەرجەم هێرشەکانیش لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراون.

هێرشەکان، کێڵگەکانی نەوتی خورمەڵە، تاوکێ، پیشخابور و سەرسەنگ و عەین سوفنا و کێڵگەکانی دیکەیان بە ئامانج گرتووە، بەهۆیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمبووەتەوە.



PM:11:14:30/07/2025