سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بۆ ساڕێژبوونی برینی ئێزدییەکان، پێویستە دادپەروەریی بۆیان بەدیبهێنرێت و بودجەیەکی تایبەتیش بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال تەرخان بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٥مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لەم ڕۆژەدا جەخت لە بەدیهێنانی دادپەروەریی بۆ قوربانییەکان و گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو تاوانە دەکەنەوە و داوای داننان بەو کۆمەڵکوژییە و ئاوەدانکردنەوەی شنگالیش دەکەن، ئەویش بەمەبەستی گەڕانەوەی شکۆمەندانەی خەڵکەکەی بۆ شوێنەکانی خۆیان.
مەشهەدانی بەڵێنیش بە ئێزدییەکان دەدات پەرلەمان لەم شەش بوارەدا هەموو هەوڵێک بخاتەکار:
١- یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی بەتەواویی و وەخۆی جێبەجێ بکرێت.
٢- چارەنوسی بێسەروشوێنکراوان ئاشکرا بکرێت و گۆڕە بە کۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە.
٣- بودجەی ڕوون و دیاریکراو بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچە زیانبەرکەوتووەکان تەرخان بکرێت.
٤- یاسای نوێ پەیوەست بەم بابەتە دەربکرێت، لەوانەش یاسای تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
٥- ئەو نەهامتیی و کۆمەڵکوژییەی بەسەر ئێزدییەکان هات بخرێتەناو وانەکانی پەروەردە و مێژووەوە تا هۆشیاری نیشتیمانی بەهێز بکات.
٦-لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە لەم بوارەدا کەمتەرخەم بوون و بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستاون
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ٣ـی ئابی ساڵی ٢٠١٤ قەزای شنگال لەلایەن داعشەوە داگیرکرا و کۆمەڵکوژییەکی فراوان دژی بە خەڵکەکەی ئەنجامدا، زیاتر لە شەش هەزار ئێزدیش کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون ڕفێنران تائێستاش چارەنوسی بەشێکیان نادیارە،.