دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: حەجاجی نوگرە سەلمان دانی بە تاوانەکانی ناوە

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند" تۆمەتباری دۆسیەی ئەنفال بەردەوامەو تۆمەتبارەکە دانی بەو تاوانانەدا ناوە کە بەرامبەر زیندانیانی نوگرە سەلمان کردونی".

ئەمرۆ یەکشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٥ ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە میدیای پارتی راگەیاند" ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، ناوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و بە حەجاجی نوگرە سەلمان ناسراوە، ئێستا لەلایەن دەزگاکەیان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت".

وتیشی"ئەو کەسە لە لێکۆڵینەوەکاندا زۆر بەخێرایی دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، بەتایبەت ئەو تاوانانەی دژی کورد کردونی."

ئاماژەی بەوەشدا"پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە قۆناغی کۆتاییدایە."

ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەینی ١ی تەمموز ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند کە عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە "جەللادەكەی نوگرە سەلمان" لە پارێزگای موسەنا دەستگیرکراوە.

وەك دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق باسیكردووە "حەجاج چەند پلەیەكی هەبووە لە دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی پێشوو، بەڵام دواپۆستی ئەفسەر بووە لە نوگرە سەلمان، بەشداریشی كردووە لە كوشتن و ژێرخاككردنی قوربانیان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە نوگرە سەلمان".




PM:05:51:03/08/2025