بە فەرمانی مەسعود بارزانی پاسپۆرت بۆ زاوایەکی سەدام دەردەکرێت

کەناڵی ( ئەلعەرەبییە ) کە کەنالێکی سعودیە لە بەرنامەیەکدا میوانداری جەمال مستەفا کە زاوایەکی سەدام حسێنە دەکات، لە بەرنامەکەدا وەسفێکی زۆری مەسعود بارزانی دەکات و دەڵێت" فەرمانی دەرکردووە کە پاسپۆرتم بۆ دروستبکەن ".

بەرنامەی " زاکیرەی سیاسی " کە بەرنامەی کەناڵی ئەلعەرەبیەیە لە ئەڵقەیەکیدا کە ٦ ی مانگی تەموز لەگەڵ د. جەمال مستەفا زاوای سەدام حسێندا سازیکردووە، ناوبراو کە سکرتێری دووەمی سەدام حسێنیش بووە باس لەوە دەکات کە بە فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پاسپۆرتی بۆ دروستکراوە.

جەمال مستەفا لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت" لە کاتی رووخانی سەدام حسێن دا ئەویش دەستگیرکراوەو بۆ ماوەی ١٨ ساڵ لە زینداندا بووە لە عێراق، دوای ئازادکردنی چۆتە هەولێر".

لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا بۆ ئەو کەناڵە، دەڵێت" بەڕێز مەسعود بارزانی کە رەمزێکی جوامێری عێراقە داوای کرد بیبنم، منیش بینیم لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا پێیوتم: چیت دەوێت بۆت بکەم، پێمگووت؛ پاسپۆرتێکم دەوێت، فەرمانی بە ئەفسەرێکی لای خۆی کرد پاسپۆرتم بۆ دەربکەن و هەموو کارەکانیان بۆ ئەنجامدام".

هەروەها دەشڵێت " بەڵام دەبوایە پاسپۆرتەکە لە بەغدا وەربگرم، دەسەڵاتدارانی عێراق پاسپۆرتەکەیان پێنەدام، دواتر لە رێگای ئەمیری قەتەرەوە بە سوپاسێکی زۆرەوە پاسپۆرتەکەم وەرگرت".

کەناڵی ئەلعەرەبییە د. جەمال مستەفا بەم شێوەیە دەناسێنێت: لە دایکبووی ١٩٦٤ ی شاری تکریت، دکتۆرای لە زانستی سیاسیدا وەدەستهێناوە، لە ساڵی ١٩٨٢ بووە بە یەکێک لە تیمی تایبەتی پاسەوانەکانی سەدام و گەیشتۆتە پلەی موقەدەم، لە ساڵی ١٩٩٤ دا کچە بچووکەکەی سەدام حەلای هێناوەو بۆتە هاوسەری، لە ساڵی ٢٠٠٢ بووە بە سکرتێری دووەمی سەدام حسێن، لەساڵی ٢٠٠٣دا لەدوای رووخان دەستگیرکراوە، لە کاتی دادگایکردنی سەدام حسێندا یەکێک بووە لە تۆمەتبارەکان کە قسەی لێوەرگیراوەو لەوێشدا بەرگری لە سەدام کردووەو، ئەو دادگایی کردنەش لە تیڤیەکانەوە پەخشکراوە، لە ساڵی ٢٠٢١ دوای ١٨ ساڵ زیندانیکردن، ئازاد کراوەو ئێستا لە قەتەر لەگەڵ حەلای کچی سەدام و خێزانەکەیان ژیان بەسەر دەبەن.  

بۆ بینینی ڤیدیۆی چاوپێکەوتنەکە کە باسی مەسعود بارزانی دەکات ئەم لینکە بکەرەوە..




PM:02:16:05/08/2025