ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیارە یاداشتنامەی نێوان وەزارەتەکانی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان تاوتوێبکات.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند" هیچ تەوەرێکی کارنامەی کۆبوونەکەی ئەمڕۆ تایبەت نییە بە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا یاداشتنامەکەی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی تاوتوێدەکرێت".
وتیشی" ئەگەر هەرێمی کوردستان تا پێش کۆبوونەوەکە ١٢٠ ملیاری دینار لە داهاتی نانەوتی بنێرێت، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆران دەدات".
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: چاوەڕوانین ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەیدا بڕیار لەبارەی یاداشتنامەکەوە بدات.
لە دۆخی ئاساییدا کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژانی سێشەممە دەکرێت، بەڵام بەهۆی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن کۆبوونەوەکە پێشخراوە.