سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، عەلی لاریجانی، ئەمڕۆ بەسەردانێک گەیشتە بەغدا.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە؛ عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کە یەکەم سەردانیەتی دوای وەرگرتنی پۆستی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە بەغدا ێککەوتننامەیەکی ئەمنیی دوولایەنە لە نێوان هەردوو وڵاتدا. واژۆ دەکات.
بەپێی سەرچاوەکان، ئەم ڕێککەوتننامەیە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی لاریجانییە، کە بەدوایدا گەشتێک بۆ لوبنان ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێی دۆخی ئێستا و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان، سەرەڕای گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتە ئەمنییەکان لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە کاریگەرەکان.
عەلی لاریجانی بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران دادەنرێت، کە چەندین پۆستی باڵای وەرگرتووە، لەوانە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠٢٠، سەرۆکایەتیی دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، هەروەها وەک ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵا بۆ کاروباری ستراتیژی کاری کردووە.
پێشتریش لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٧دا ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بووە، پێش ئەوەی جارێکی دیکە لەم دواییانەدا بگەڕێتەوە بۆ هەمان پۆست.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆسیەی ئەمنیی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت، تاران خواستی ئەوەی هەیە کە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ بەغداد پتەوتر بکات لەبواری کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکاندا.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، بە دەرکردنی مەرسومێک، عەلی لاریجانی، گەورە ڕاوێژکاری ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی، وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەستنیشان کرد.