لە رووداوێکی هاتووچۆدا ٨ کەس گیانیان لەدەستدا
دوانیان کوڕی بەرپرسێکی باڵان

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای دیوانییە ٨ کەس گیانیان لەدەستدا کە دوانیان کوڕی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش وبەرگری پەرلەمانی عێراقن.

رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی عەفەک لە پارێزگای دیوانییە، روویدا و بە هۆیەوە ٨ کەس گیانیان لەدەستدا. دوو لەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا کوڕی کەریم محەممەداوی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقن.
 
محەممەد غانمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە راگەیاند"رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری لێکسس و پاسێکدا روویدا."
 
وتیشی "بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلە لێکسسەکە کە کوڕەکانی پەرلەمانتارەکەی تێدابووە، بەهۆی تەقینی یەکێک لە تایەکانییەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و پەڕیوەتەوە سایدی بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە پاسەکەدا."
 
بە وتەی محەممەد غانمی، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا هەرسێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلە لێکسسەکە، کە دووانیان کوڕەکانی کەریم محەممەداوین، لەگەڵ پێنج سەرنشینی پاسەکە گیانیان لەدەستداوە.
 




PM:08:56:12/08/2025