تەیف سامی داوای هەڵوەشاندنەوەی ١٥٠ ناونیشانی وەزیفی دەكات

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی سکاڵایەکی تەیف سامی، وەزیری دارایی دەکات لەبارەی هەمواری یاسای خزمەتی شارستانی و لەئەگەری پەسەندکردنیدا ١٥٠ ناونیشانی وەزیفی فەرمانبەران هەڵدەوەشێنرێنەوە.

بەپێی خشتەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی، رۆژی ١٧ی ئاب دادگای فیدراڵی کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی تەیف سامی کە لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆماریکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای خزمەتی شارستانی، کە تایبەتە بەزیادکردنی ناونیشانی وەزیفی و ئەو لێکەوتە داراییانەی هەموارەکە دەیگرێتەوە.

لە سکاڵاکەدا وەزیری دارایی داوایکردووە ئەو ناونیشانە وەزیفیانە وەک خۆیان بمێننەوە، کە لێکەوتەی دارایی لەسەر بودجەی وڵات دروستناکەن و ئەوانەی دیکە هەڵبوەشێنرێنەوە.

محەمەد خەفاجی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" ئەگەر سکاڵاکە پەسەند بکرێت، ١٥٠ پلەی وەزیفی هەڵدەوەشێنەوە.
لەناو ئەو پلەی وەزیفیانەدا کە تەیف سامی داوای هەڵوەشاندنەوەی کردوون، پلە وەزیفییەکانی یاریدەدەری ئاماری مەشقپێکراو، یاریدەدەری کیمیایی مەشقپێکراو لە پلەی هەشتەم تێدایە، لەکاتێکدا ئەو پلە وەزیفیانە خۆیان لەپلەی نۆیەمدان".

مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا لەسەر پەسەندکردنی هەمواری ١١ هەمینی یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە ٢٥ ی ساڵی ١٩٦٠ کە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پێشکەشکرابوو، بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری لەنێوان ناونیشانی وەزیفی و بڕوانامەی فەرمانبەران.





PM:11:05:12/08/2025