هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچەی کازمییەی شاری بەغدا، زیارەتکارێکی ئێرانییان دەستگیرکرد کە هەوڵیدەدا گونیەیەک ئێسک و پروسکی مرۆڤ بگەیەنێتە شاری کەربەلا بۆ بەخاکسپاردن.
هاوڵاتییان لە ناوچەی کازمییە گومانیان لە زیارەتکارێکی تەمەن ٤٩ساڵ کرد کە گونیەیەکی بە شانەوە بوو و پرسیاری ڕێگای گۆڕستانی کەربەلای دەکرد. بەهۆی گومانکردن لەوەی کە لەوانەیە چەک یان ماددەی هۆشبەری پێبێت، پۆلیسیان ئاگادار کردەوە. دوای گەیشتنی پۆلیس و پشکنینی گونیەکە، دەرکەوت کە پڕە لە ئێسک و پروسکی مرۆڤ.
لە کاتی لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا، زیارەتکارە ئێرانییەکە دانی بەوەدا ناوە کە ئەمە ڕووفاتی باپیرێتی و پێش مردنی وەسیەتی کردووە کە لە شاری کەربەلا بنێژرێت. ئەویش بۆ جێبەجێکردنی وەسیەتەکە، گۆڕەکەی هەڵداوەتەوە و ئێسکەکانی هێناوە تا لەکاتی زیارەتەکەیدا لە کەربەلا بەخاکی بسپێرێت.
لە ئێستادا، ئەو زیارەتکارە گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە بنکە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوەی وردتر. لێکۆڵینەوەکان چڕکراونەتەوە لەسەر ئەوەی کە چۆن توانیویەتی بەو گونیەیەوە سنووری نێودەوڵەتی ببڕێت و لە کام خاڵی سنوورییەوە هاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە.