پەیوەندیەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا بەرەو گرژی دەڕوات


پێشبینی دەکرێت لە ئایندەدا ئیسرائیل گورزێکی سەربازی توند لە میشلشیا شیعە وەلائییەکانی عێراق بوەشێنێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەم پەرەسەندانەدا پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی سودانی و ئیدارەی ترەمب لەسەر پرسی حەشد بەرەو بارگرژی دەڕوات.

لەم سەروبەندەدا ڕۆژنامەی (العربی الجدید) لەڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردوەتەوە" ئەمەریكا دەستی بە ئامادەكارییەكانی كردوە بۆ كشانەوە لە بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد) لەپارێزگای ئەنبار و لەمانگی داهاتوەوە دەست بە کشانەوە دەکات".

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە " لە ماوەکانی ڕابردودا ڕاوێژكارێكی باڵای سودانی سەردانی واشنتۆنی كردوە و ئیدارەی ئەمەریكا جوڵەی سودانیان بەرامبەر بە میلیشیاكان بە ناجددی وەسفكردوە".

هەروەها داوایان لەو سەردانەدا داوایان لە راوێژکارەکە كردوە " یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق بكشێنێتەوە، بەڵام ڕاوێژكارەكەی سودانی باسی لەوە كردوە ئەو هەنگاوە مەحاڵە، چونكە یاساكە دوو جار خوێندنەوەی بۆ كراوە".

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی ئەمریکا و عێراق، لە مانگی 11ی ئەمساڵدا هێزەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەرکەکانیان لەعێراق کۆتایی پێدێت، بەڵام هەندێك لایەن ئاماژە بەوە دەكەن کە ئەمریكییەكان بێ ئومێدبوون لە حكومەتی عێراق و پێیان وایە بەغدا پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبوە.

رۆژنامەکە ئەوەش دەخاتەڕوو  كە ئەمەریكا وەك بەشێك لە كاردانەوەی بەرامبەر ڕەفتارەكانی حكومەتی عێراق، لەبری كشانەوەی هەنگاو بە هەنگاو، مانگی داهاتوو بەشێكی زۆری هێزەكەی لە بنكەی سەربازی (عەین ئەسەد) دەكشێنێتەوە، بەڵام تا ئێستا باس لە کشانەوەی تەواوەتی لە عێراق و هەرێم نەکراوە.




PM:10:10:15/08/2025