قاسم ئەعرەجی: وردەكاری یاداشتە ئەمنییەكەی عێراق و ئێرانم بۆ باڵیۆزی ئەمریكا خستەڕوو

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایدەگەیەنێت کە وردەكاری یاداشتە ئەمنییەی نێوان بەغدادو تارانی بۆ باڵیۆزی ئەمریكا رونكردوەتەوە، دەشڵێت" عێراق لە بەرژەوەندییە باڵاكانی خۆی و وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەری سیاسەت دەكات".

ئەمڕ شەممە ١٦ ئاب ستیڤن فاگن كاربەڕێكەری ئەمریكا لە عێراق، سەردانی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كرد. 

بە گوێرەی نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەم دیدارەدا ئەعرەجی وردەكاری ئەو یاداشتە لێكتێگەیشتنەی بۆ باڵیۆزە ئەمریكییەكە روون كردوەتەوە، كە لەسەردانی ئەمدواییەی عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا بۆ بەغداد، لەنێوان عێراق و ئێراندا ئیمزا كراوە. 

وەكو ئاماژەیەكیش بۆ دژایەتی ئەمریكا لەگەڵ یاداشتەكە، ئەعرەبی وتویەتی"عێراق لە بەرژەوەندییە باڵاكانی خۆی و وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەری سیاسەت دەكات و، پەیڕەوی هاوسەنگی دەكات لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەو جیهان، بەردەوامە لەسەر سیاسەتی كرانەوەی دیپلۆماسی بەڕووی وڵاتانی دۆست و برا." 

بەپێی راگەیەنراوەکە  لەبەرامبەردا باڵیۆزی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سیاسەتی هاوسەنگی ئەمریكا لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیدا دەربڕیوەو هەوڵەكانی لە پرسی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بەرزنرخاندووە. 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە کاردانەوەی ڕێکەوتنەکەی نێوان تاران و بەغدا رایگەیاند:" هەر رێوشوێنێك پێچەوانەی ئامانجەكانی ئەمریكا بێت و دژی هەوڵەكانی بەهێزكردنی دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراق بێت، رەتیدەكەینەوە.

راشیگەیاندبوو کە ئەمریكا پشتیوانی لە سەروەری راستەقینەی عێراق دەکات، نەک رێككەوتنێك کە عێراق بكات بە دەوڵەتێکی پاشكۆی  ئێران".




PM:04:24:16/08/2025