دادگای فیدراڵیی عێراقی لەسەر سکاڵایەک تایبەت بە پاسپۆرتی دیپلۆماسی بڕیاریدا و دەڵێت"پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەمیشەیی هەڵوەشێنرایەوە".
ئەمرۆ چوارشەممە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٥ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٢٥ ی تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەمیشەیی بۆ سیاسەتمەداران هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، ئەو هەموارە پێچەوانەی دەستوری عێراقە".
لە دۆسیەکە دا سکاڵاکارەکان کە بریتی بوون لە وەزیری دەرەوەو وەزیری ناوخۆی عێراق سكاڵایان لە سەر سەرۆکی پەرلەمان تۆمار کردبوو بەوەی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٢٥ی هەمواری یەكەمی یاسای پاسپۆرت، سەرپێچی حوكمەكانی ماددەی (٥٨ و ٦٧ و ٨٠)ی دەستور دەكات.
سكاڵاكارەكان لە سكاڵاكەیاندا داوایان لە دادگای باڵایی فیدراڵی كردبوو بڕیار بدات بە نادەستوریبوونی هەمواری یاساکە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دادگای فیدراڵی، یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠٢٥) یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای پاسپۆرت ژمارە ٣٢ی ساڵی 2015 نادەستورییە، بەو پێیەی ناكۆكە لەگەڵ بڕگەكانی ماددەكانی (١٤)، (١٦)، (٤٧) و (٨٠)ی دەستوری كۆماری عێراق.