ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری لە عێراق کردووە

لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەماندا، ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری لە عێراق کردووە کە کەرتی نەوتیش دەگرێتەوە.

 ئەمریکا بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ پەسەندکردنی یاسای نوێی حەشدی شەعبی دەربڕیووە لەمبارەوەج قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی "عەسائیبی ئەهلی حەق"، ڕایگەیاند:"ئەوانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکەن، دەیانەوێت پێگەی عێراق لاوازبکەنەوە، فشارە دەرەکییەکانیش دژی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار".

ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوەکرد، "هەڕەشەی ئەمریکامان پێگەیشتووە بە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراقدا، کە ڕەنگە کەرتی نەوت و بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە، لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لەنێو پەرلەماندا".
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ٢٣ی تەممووزی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا، ڕۆبیۆ ڕایگەیاندووە کە ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێتە هۆی بە دامەزراوەییکردنی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، کە ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات. 

حەشدی شەعبی، ٢٣٨ هەزار چەکداری هەیە و ساڵانە لە بودجەی دەوڵەت ٣.٦ ملیار دۆلار دەبات، لەژێر چەتری ئەم دامەزراوەیەش، ٧٠ گرووپی چەکداری جیاوازی شیعی کە بەشێکیان لە لیستی سزاکانی ئەمریکادان لەوانەش: نوجەبا، عەسایب و حیزبوڵڵا کۆ کراونەتەوە.




AM:11:44:23/08/2025