هاوپەیمانی دەسەڵاتداری عێراق بڕیاریدا یاسای دەستەی حەشدی شەعبی رابگرێت و بڕیاردان لە چارەنوسی هێزەکانی دوابخات و پێیانوایە دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق ناکات.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایدەکات: هاوپەیمانییەکە لە کۆبونەوەیەکی ئەم دواییەدا، بڕیاریدا ئەو رێوشوێنانە بوەستێنێت کە بابەتی ناکۆکی توند بوون لەگەڵ واشنتۆن، ئەو سەرکردەیە لەبارەی کۆبونەوەکە وتویەتی: سەرکردەکانی هاوپەیمانێتیەكە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی دەرکردنی یاسای حەشدی شەعبی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵات ناکات.
لە کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانییەکە بە هاوکارەکانی راگەیاندووە: ئەو ئاماژانەی لە واشنتۆنەوە دێن جێگەی نیگەرانین و پێویستی بە پەلەنەكردن هەیە، راوێژکارێکی دیاری حزبیش کە لەم دواییانەدا بەشداری گفتوگۆکانی سەبارەت بە چارەنوسی یاساکە کردبوو، رایگەیاندووە: حکومەت رێوشوێنی جێگرەوە ناگرێتەبەر و بەرگەی لێكەوتە چاوەڕوانکراوەكانی ناگرێت.
بە وتەی ئەو سەرکردەیە شیعیە، بڕیاری هێوركردنەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان لە هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی کات و چاوەڕوانی ئەوەی كارەكان لە لوبنان بەكوێ دەگات، سەرچاوە دەگرێت.
هاوپەیمانی دەسەڵاتدارانی عێراق، هەنگاوی داهاتووی بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی چەکدارانی حەشدی شەعبی گرێداوە بە دەرئەنجامی ململانێکان لەسەر چارەنوسی چەكی حزبوڵا، كە بە وتەی ئەو سەرکردەیە، هەموو شتێک بەندە بەوەوە کە ئایا حزبوڵا توانای دووبارە خۆ رێكخستنەوەی هەیە، بە چەک یان بەبێ چەک.