ئەمەریکا هێزەکانی سووک دەکات لە " عین ئەسەد " نەک چۆڵی دەکات
بە پێچەوانەی ئەو هەوڵانەی میدیا عەرەبی و عێراقییەکان بڵاویان کردۆتەوە کە سووپای ئەمەریکا سەربازگەی ( عەین ئەسەد ) چۆڵ دەکات، لە بەرنامەیدا نییە چۆڵی بکات، بەڵکو لە رووی ژمارەو چەک و تەقەمەنی هەستیارەوە سووکی دەکات.
زانیارییە نا فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمەریکا هەندێک چەک و جبەخانەی هەستیار دەگوازێتەوە بۆ هەولێر. هەروەها هەندێک لە سەربازەکانی دەگوازێتەوە بۆ بنکەیەکی سوپای ئەمەریکا لە کوێت، چەند ئۆفیسێکی سەربازی بچووکیان هەیە لە پارێزگاکانی نزیک ( عەین ئەسەد )، ئەو بنکانە دادەخەن و سەربازەکانیان دەگوازنەوە.
ئەمە پەیوەندی نییە بەو پسپۆرە سەربازیانەی ئەمەریکاوە کە بۆ راهێنانی هێزە عێراقییەکان بەپێی رێکەوتنی نێوان هەردوو وڵات دەمێننەوە، بەڵکو ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەمەریکا پەیوەندی بە چەک داماڵێنی هێزەکان حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانەوە هەیە، ئەمەریکا بە ئاشکراو لە پشت پەردەش بەردەوامە لە هەڕەشەکانی لە عێراق بۆ داماڵینی چەکی ئەو هێزانە و رازی نییە تەنها بە دەرنەچواندنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق، بەڵکو دەبێت حەشد چەک بکرێن، بە پێچەوانەوە فشارەکانی ئەمەریکا تا دەگات بە گورزی سەربازیش لە حەشد بەردەوام دەبێت.
PM:10:06:29/08/2025