وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق بە رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوەش هەنگاوێکی سروشتییە.
ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٥، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق رایگەیاند، "بەپێی راگەیەندراوی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا بێت کە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤ بڵاوکرایەوە و تێیدا خشتەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق راگەیەندرا، هێزی هاوپەیمانان بەپێی ئەو خشتە کاتییەی رێککەوتنی لەسەر کراوە کار بۆ گواستنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراق."
ئاماژە بەوەکراوە، "وەک لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئاماژەی پێدراوە، کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هێزەکانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەنگاوێکی سروشتییە، چونکە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ پەیوەندییەکی ئاسایشی دوولایەنەی نەریتی دەگۆڕێت".
دوێنێ کەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاویکردەوە، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغدا دەبێت".
بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا بێت کە لە ساڵی ٢٠٢٤ واژۆکراوە، قۆناغی یەکەمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کاردەکەن لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ کۆتایی دێت و قۆناغی دووەمیش لە ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت.