نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق هۆشداری دایە عێراق لەبارەی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، کە کاریگەری خراپی لەسەر بوارەکانی دیکەی ژیان هەیە.
ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئاب، محەممەد حەسسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە زانکۆی وارسی پێغەمبەر (د.خ)، سەر بە عەتەبەی حوسێنی، گوتارێکی پێشکەش کرد.
حەسسان نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، کە تەنیا گەندەڵیی سیاسی ناگرێتەوە، بەڵکو گەندەڵیی ئەخلاقی، دارایی، کارگێڕی، دادوەری و زانستیش دەگرێتەوە. دووپاتیشی کردەوە کە "گەندەڵیی سیاسی زۆر مەترسیدارە".
حەسسان لە گوتارەکەیدا جەختی کردەوە کە گەندەڵی ڕێگرە لەبەردەم دادپەروەری و گەشەپێدان و بەرەنگاربوونەوەی بە ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقی وەسف کرد. ئاماژەی بەوەشدا کە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان چەندین بەرنامەی بۆ ئەم مەبەستە پەرەپێداوە و کار لەسەر بەهێزکردنی دامەزراوە چاودێرییەکان دەکات بۆ دڵنیابوون لە پاکی و شەفافیەت.
لە کۆتاییدا، حەسسان داوای کرد بە تووندی و جێگیریی ڕووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە و ستانداردەکانی پاکی و سەربەخۆیی دادگا و شەفافیەت بەهێز بکرێن. هاوکات داوای لێپرسینەوەی لە گەندەڵکاران کرد بەبێ جیاوازی، داوای دڵسۆزی و بەرپرسیارێتیی لەپێناو پاراستنی یەکپارچەیی وڵات کرد، دوور لە تائیفەگەری و گرووپگەری.