پەرلەمانی عێراق لەهەوڵی ئەوەدایە تەمەنی خانەنشینی مامۆستایانی زانکۆ بۆ ٧٠ ساڵ بەرزبکاتەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی هەموارکردنی پێشنیارکراوی یاسای خزمەتگوزاری زانکۆ ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٨ کە لەم دواییانەدا بۆ یەکەمجار لە پەرلەمان خوێندرایەوە.
رۆژنامەی سەباح لە زاری فیراس موسەلەماوی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی له پهرلهمانی عێراق بڵاویکردەوە "لیژنەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ڕەشنوسی هەموارکردنەوەی یاسای خزمەتی زانکۆی ژمارە (23)ی ساڵی 2008ی خوێندەوە، کە چەندین هەموارکردنەوەی لەخۆگرتوە، دیارترینیان بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 70 ساڵ بە دو قۆناغ؛ یەکەمیان بە درێژکردنەوەی ماوەی سێ ساڵ، پاشان درێژکردنەوەی بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە، بەجۆرێک کە مامۆستای زانکۆ بگاتە تەمەنی 70 ساڵ، بەمەرجێک لە پلەی پرۆفیسۆر یان یاریدەدەری پرۆفیسۆر بێت".
ئاماژهی بهوهشكرد، ئامانج لەو هەموارکردنە ئەوەیە کە زۆرترین سود لە شارەزایی مامۆستایانی زانکۆ وەربگرێت، بەتایبەت ئەوانەی تایبەتمەندن لە خوێندنی باڵا.
ئهوهشی خستهڕو، لەنێو بڕگە نوێیەکاندا ماددەیەکی یاسایی ههیه کە مافی مامۆستای زانکۆ بۆ بەدەستهێنانی پارچە زەوییەکی نیشتەجێبون گەرەنتی دەکات و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبونی گونجاو بۆ خۆی و خێزانەکەی، جگە لە دڵنیابون لە بەشداریکردنی سەندیکای ئەکادیمی لە هەر لیژنەیەک کە بۆ ڕەچاوکردنی سکاڵا تۆمارکراوەکان لە دژی پرۆفیسۆرەکان پێکبهێنرێت، بۆ بەرزکردنەوەی شەفافیەت و پاراستنی پێگەی ئەکادیمییان.
فیراس موسەلەماوی ڕونیشیكردهوه، وۆرک شۆپی فراوان بە بەشداری نوێنەرانی زانستی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، سازدەکات، سەرۆکی زانکۆکان، سەندیکای ئەکادیمییەکان و بەشی توێژینەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گوێگرتن لە سەرنجەکان و خستنەڕوی پێشنیارەکان کە پەرە بە یاساکە دەدەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنی باڵا لە وڵاتەکەدا.