ترەمپ هەموو هاوکارییەکی دارایی لە گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران قەدەغە دەکات

ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ئەو کارەی کە جۆو بایدن نەیکرد، سەرۆک ترەمپ دەیکات و هەموو هاوکارییەکی دارایی لە گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران قەدەغە دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی ئەیلول جۆی ویڵسۆن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند" لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کۆنگرێس قەدەغەکردنی دارایی بێ پێشینەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ  لەسەر میلیشیا عێراقییە نزیکەکانی ئێران لە عێراق کردە یاسا، بۆ ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو پشتگیری ئەم پرۆژەیە بووم کە دەبێت هەموو هاوکارییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ ئەو گرووپانە ڕابگیرێن، بەڵام ئیدارەی بایدن ڕەتیکردەوە ئەم یاسایە جێبەجێ بکات".

ئەم یاسایە ئێستا ئامرازێکی گەورەیە بۆ سەرۆک ترەمپ بۆ بڕینی دارایی بۆ هەر گرووپێکی تیرۆریستی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە لە عێراق یان هەر شوێنێکی تر و لەم قۆناغە بەدواوە سەرۆک ترەمپ خۆی چاکی دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر جۆی ویڵسۆن چەند جارێکی دیکە داوای کردبوو کە هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق ڕابگرن، چونکە ئەو هاوکارییانە دەدرێن بە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.




PM:07:59:04/09/2025